ڕادیۆگرافی (تیشکی ئێس، X-Ray) چییە؟
ڕادیۆگرافی وێنەگرتنی پێکهاتە و بەشەکانی جەستەیە بەکەڵک وەرگرتن لە تیشکی ئێکس. تیشکی ئێکس تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چوون هەڵگری وزەیەکی زۆرە بە ڕادەیەک کە تیڕێژەکانی دەتوانن ڕەخنە بکنە نێو جەستە و وێنەیەکی لێ ساز بکەن.
تیشک (ئەشێعە)، سادەترین وێنەی پزیشکییە کە لە ڕیگای تیشکی ئێکسەوە دروست دەبێت. دیکەی پشکنینەکانی وە سی تی سکەن (CT) کە لە تێشکی ئێکس کەڵک وەردەگرن، قورستر و ئاڵۆزترن و لە کۆمپیۆتەر بۆ بەرهەمهێنانی وێنە سوود وەر دەگرن. هەر وێنەیەکی بەرهەمهاتوو لە ڕیگای تیشکی ئێکسەوە، دەرئەنجامی وەرگرتنی جیاوازی تیشکی ئێکسە لە لایەن پێکهاتە و بەشە جیاوازەکانی جەستەوە. پێکهاتە چڕ و تۆکمەکانی وەک ئێسکەکان ڕادەیەکی زۆر لە تیشکی ئێکس وەر دەگرن و هەر بەم هۆیەوە وینەکانیان بە ڕەنگی خۆڵەمێشیی ڕوون دەردەکەوێت. پێکهاتە کەمتر چڕەکانی وەک شانە گرێدەرەکان ڕێژەیەکی کەمتر لە تیشکی ئێکس وەر دەگرن و لە وێنەدا بە ڕەنگی خۆڵەمێشیی تۆخ دەبینرێن. جەستە، خاوەن پێکهاتەی جۆراوجۆرە بە چڕێتی جیاواز و ئەم جیاوازییە وێنەکان دروست دەکات.
جۆرەکانی تیشک (ڕادیۆگرافی):
• تیشکی ئێسکەکان: بە ئەم تیشکە دەتوانرێت لە هەر ئێسکێکی لەش وێنە بگیردرێت و لە وێنەکاندا زۆربەی شکاوییەکان و لەجێچوویی جومگەکان دەبینرێن.
• تیشک لە میزەڕۆ (IVP): ئەم وێنانە لە گورچیلەکان، میزەڕۆ و میزەڵدان دەگیرێت و وەک دەوترێت لە مادەی ڕەنگی (کۆنتراست) کەڵک وەردەگرن.
• تیشک لە کۆئەندامی هەرسی ژێرین: لەم شێوەدا باریۆم یان گیراوە یۆدییەکان بەکار دێت کە دەبێتە هۆی ئەوەی دیواری ڕیخۆڵە بە ئاسانی ببینرێت.
• تیشک لە کۆئەندامی هەرسی سەروو: Upper GI دەتوانێت لە سوورێنە، گەدە، و بەشی سەرەتایی ڕیخۆڵەباریکە (دوازدە گرێ) بە تیشکی ئێکس وینە بگرێت.
• وێنەگرتن لە دەفەی سینگ
• تیشکی (KUB): ئەم پشکنینە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی کۆئەندامی میز
• تیشکی لۆبۆساکراڵ: وێنە لە بەشەکانی پشت و بڕبڕە دەگێرێت.
• OPG
لێکدانەوەیەک سەبارەت بە باریۆم لە تەکنیکەکانی تیشکناسیدا:
باریۆم بۆ پشکنینی کۆئەندامی گەدەیی- ڕیخۆڵەیی بە کار دێت، کە بریتین لە؛ سوورێنە، گەدە، ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە گەورە. گیراوەی ئاو یا سۆسپانسیۆن سۆلفاتی باریۆم بۆ پشکنینی داپۆشەرە جیاوازەکان بە کار دێت، بۆ ئەو مەبەستەی کە وێنەیەکی چاکتر لە هەوا و غازاتی دیکەمان هەبێت. ئەم پشکنینە لە لایەن ڕادیۆلۆجیست یان تەکنەلۆژجیستەوە، بە کەڵک وەرگرتن لە دەزگای فلۆرۆسکۆپی و فیلمی spot، ئەنجام دەدرێت. بۆ هەر یەک لە پشکنینەکان ئامادەییەکی تایبەت پێویستە. بۆ نموونە ئەگەر تووشی نەخۆشی پەرکەم یان شەکرەن دەبێت بە پزیشکی ڕابگەیێنن، یا کەسانێک کە قەبزن، دەبێت پێس پشکنین حەبی ڕەوانبوون بخۆن.
شێوازە ناوبراوەکان خوارەوە بە سۆلفاتی باریۆم ئەنجام دەدرێن:
تەکنیکەکانی تیشک:
1- Barium Swallow :
ئەم تاقیکاریە کە یەکیک لە تەکنیکەکانی تێشکە، بۆ پشکنینی سوورێنە و گەروو بەکار دەهێنرێت. نەخۆش دەبێت ٤ کاتژمێر پێش پشکنین لە هەموو جۆر خواردنێک پارێز بکات. کاتێک کە نەخۆش خەریکی خواردنەوەی گیراوەی باریۆمە، چەندین وێنەی لە حاڵەت و شێوازە جۆراوجۆرەکانی لەشدا لێ دەگیرێت. دۆخی نەخۆشێش لە کاتی پشکنیندا زۆرتر ڕاوەستاوە. ئەم تاقیکاریە نزیکەی ٣٠ خولەک درێژەی دەبێت
2- Barium Meal :
لە ئەم تاقیکاریە بۆ پشکنینی سوورێنە و گەروو کەڵک وەردەگیردرێت. نەخۆش دەبێت ٤ کاتژمێر پێش پشکنین لە هەموو جۆرە خواردنێک پارێز بکات. ڕەنگە هەندێ جار ئەم پشکنینە پاش Barium Swallow ئەنجام بدرێت. بۆ هێورکردنەوەی نەخۆش، لە ڤاکسێنی ئارامکەرەوە سوود دەبینن. لە واقیعدا تێکەڵەیەک لە باریۆم و گاز (غاز) بە مەبەستی واڵاکردنی گەدە، بە نەخۆش دەدرێت کە بیخوات. نەخۆش لەسەر قەرەوێڵەی تیشک گرتن ڕادەکشێت. دواتر بۆ پشکنینی بەشە جیاوازەکانی گەدە و دوازدەگرێ لە حالەتە جیاوازەکانی لەشدا چەندین وێنە بەرهەمدەهێنرێن. ئەوپەڕی کاتی ئەم پشکنینە ٢٠ خولەک دەخایەنێت.
3- Barium Follow Through :
ئەم تاقیکاریە بۆ پشکنینی ڕیخۆڵە باریکەیە. نەخۆش دەبێت لانیکەم ١٢ کاتژمێر پارێزی خواردن بکات. دواتر لە سەرەتای تاقیکاریدا ٢ تا ٣ پەرداخ باریۆم دەنۆشێت. پاشی بە لاپاڵی ڕاستیدا لە سەر قەرەوێڵەکە ڕادەکێشێت تاکوو گەدە بە خێڕایی لە باریۆم خاڵی ببێت و گیراوەکە بگاتە ڕێخۆڵەی گەورە. لەم مەودایەدا چەندین وێنە لە نەخۆش دەگرن، بە مەبەستی پشکنینی ئەو مەودایەی ڕیخۆڵە باریکە کە بە باریۆم پڕ کراوە. ڕەنگە تیشکناس بۆ پشکنینی بەشە جیاوازەکانی ڕیخۆڵە و وەگەڕخستنی باریۆم، لە کۆمپریسۆر یان تەنانەت گوشاری دەست کەڵک وەرگرێت.
4- Barium Enema :
ئەم تاقیکاریە بۆ پشکنینی قۆلۆن و ڕێخۆڵەی گەورە بەکار دێت. ڕیخۆڵەکانیش دەبێت تا ئەو شوێنەی دەڕەخسێت خاڵی بن. نەخۆش بە لاپاڵدا ڕادەکشێت و بۆڕییەکی نەرمی پلاستیکی(سۆندە) هەناردەی ڕێکە (ڕاستە ڕیخۆڵە) دەکرێت. پێویستە وەها کاریک بە ئەوپەڕی وردبینی و کەمترین ئازارەوە بکرێت و لە لایەن رادیۆلۆجیستەوە ئەنجام دەخوات. دواتر باڵۆنێکی بچووک کە لە سەر بۆڕیەکەیە فووی تێ دەکرێت تا بە جێگیربوونی ببێتە هۆی ڕاگرتنی باریۆم لە قۆڵۆنەکاندا و بۆڕیەکەش لە شوێنی خۆیدا ڕاگرێت. گیراوەی باریۆم دەچێتە نێو ڕیخۆڵەی گەورە و نەخۆش بە حاڵەتی جیاواز ڕادەکشێت تاکوو ڕووی ناوەوی قۆلۆن بە گشتی بەر باریۆمە بکەوێت. ئەوکات نۆرەی تێکردنی هەوا بۆ ناوەوەی ڕیخۆڵەیە. چەندین وێنە لە ڕیخۆڵەی گەورە لە حاڵەتە جیاوازەکاندا دەگیرێت. پاش هەڵسەنگاندنی وێنەکان، بۆڕی لە ڕێکە دەردەهینرێت و نەخۆش دەتوانێت بڕواتە ئاودەستخانە. کات خایاندنی باوی وەها پشکنینێک ٤٥ خولەکە.
لەبەر چی پزیشک بۆ من تیشکی ئێکس (X-ray ) پێشنیار دەکات؟
تییشکی ئێکس ڕیگایەکی ئاسان، خێرا و لەبەر دەستە لە هەموو ناوەندکانی تیشک گرتندا. پێدەچێت پزیشکتان بۆ ئێوە تیشکی ئێکسی سادە پێشنیار بکات، تاکوو وێنەکانی یارمەتیدەری دۆزینەوەی هۆکارەکانی نەخۆشی و چارەسەری ئێوە بن. زۆرترین وێنەکانی تیشکی ئێکس لە دەفەی سینگ (دڵ و سی)، دەست، لاق و پەتەمازە لە نەخۆشگەلێکدا کە دەرکەوتەی ناەتەندروستیان لە ئێسک و جۆمگەکان و پشتدا هەیە، دەگێرێت.
چۆن بۆ گرتنی تیشکی ئێکس (X-ray ) ئامادە ببین؟
بۆ گرتنی تیشکی ئێکسی سادە هیچ ئامادەبوونێکی تایبەت پێویست نییە. لە ئەگەری دووگیانبوونتاندا، حەتمەن پزیشک ئاگادار بکەنەوە، چوونکە تەندروستیی کۆرپەکەتان لە پێشەوەیە.
لە ناوەندەی وێنەگریدا پێتان دەڵێن کە گان (جلی تایبەت) لە بەر بکەن، چوون هەندێ جلوبەرگ هۆکارن بۆ باش دەرنەچوونی وێنەکان. هەروەها کاتژمێر، ملوانکە و هەر شتێک کە لە کانزایە دەبێت لە خۆتانی بکەنەوە. ئەگەر ئێوە بۆ بەدواداچوون هاتوون دەبێت وێنەکاتی جاری پێشووترتان لە گەڵدا بێت تاکوو پزیشک لە چۆنییەتیی گۆڕانکارییەکان ئاگادار ببێتەوە.
لە کاتی گرتنی تیشکی ئێکسدا (X-ray ) چی ڕوو دەدات؟
تەکنیسییەن یان پزیشکی پسپۆڕی تیشک (ڕادیۆلۆجیست) ڕەوتی وێنەگرتنتان بۆ ڕوون دەکاتەوە. بڕی کات و ڕێژەی تیشک، پەیوەست بە شوێنێک کە وێنەی لێ دەگیرێت و حاڵەتی وەستانی ئێوە (ڕاوەستاو، دانیشتوو، ڕاکشاو) جیاوازە. نابێت لە کاتی وێنەگرتندا بجووڵێن تاکوو وێنەکە لێڵ دەرنەچێت.
پاش گرتنی وێنە، پزیشک کوالیتیی وێنە دەسەنگێنێت. لەم کاتەدا داواتان لێ دەکرێت چاوەڕوان بن. هەندێ جار وێنەی دیکە پێویستە تاکوو پزیشک لە تێگەیشتنی دڵنیا بێت. لەم کاتانەدا جێی هیچ دڵەڕاوکێیەک نییە، چوون ئەم نموونانە زۆر ڕوو دەدات. پزیشک بە ئێوە دەڵێت کەی کاتی وێنەگرتن کۆتایی هاتووە و ئێوە ئەگەر بتانەوێت دەتوانن سەبارەت بە کاتی ئامادەبوونی وێنەکە پرسیار بکەن. یان پزیشکی پسپۆڕی تیشک (ڕادیۆلۆجیست) بە وردی سرنجی وێنەکە دەدات و دیاریکردن و تێگەیشتنی کۆتایی خۆی دەدات و ڕاپۆرتێک لە دەستکەوتەکانی دەنووسێت و ڕوونووسێکی بە ئێوە دەدات. ئێوە لە هەر قۆناغێکدا هەر پرسیارێکتان هەبوو دەتوانن لە پزیشکی بکەن.
کۆی پرۆسەکە ڕوون و دیارە و ئێوە هیچ جۆرە هەستێکی نامۆ و جیاوازتان لە کاتی وێنەگرتندا نابیت. ئەگەر منداڵێکتان بۆ گرتنی تیشکی ئێکس (X-ray ) هێناوە، ڕەنگە داواتان لێ بکرێت تا بۆ ڕاگرتنی منداڵەکە لە حاڵەتێکی لەبار بۆ وێنەگرتندا یارمەتی بدەن. ئەگەر بڕیار بێت لە ژووری وێنەگرتندا بمێننەوە، پزیشک هەموو کارێکی پێویست بۆ پاراستنی ئێوە لە بەرکەوتنی تیشک ئەنجام دەدات.
ئێوە لە کاتی ئەنجامدانی تیشکی ئێکس (X-ray ) و پاش کۆتایی هاتنی، هەست بە هیچ جیاوازییەک ناکەن.
وێنەگرتنی تیشکی ئێکس (X-ray ) چەند دەخایەنێت؟
کاتی ئاسایی وێنەگرتن کەمتر لە ١٥ خولەک دەخایەنێت. هەروەها پەیوەستە بە ژمارەی ئەو بەشانەی جەستە کە دەبێت وێنەیان بگیرێت و جوولەی ئێوە لە کاتی وێنەگرتندا. زۆربەی کات پێویستە ئەو پارچەیەی جەستە کە ئامانجی وێناکردنە، لە لایەنی جیاوازەوە وێنەی بگیرێت تاکوو دیاریکردنی کۆتایی هۆکارەکان بە باشی ڕوو بدات. بەم بۆنەوە پێدەچێت لە کاتێ وینەگرتندا داواتان لێ بکرێت ئاراستەی جەستەتان بگۆڕن. بۆ نموونە وێنەیەکی دەفەی سینگ لە نەخۆشێکی پەکنەکەوتە و وشیاردا کەمتر لە یەک خولەک درێژە دەکێشێت، بەڵام لە نەخۆشێکی پەککەوتەدا پێویستە وێنە لە سەرتاسەری پەتەمازە، حەوز، شانە و قاچەکان بگیرێت، کە ڕەنگە تا ٤٥ خولەک بخایەنێت. بە گشتی لە کەسانی پەککەوتە و منداڵاندا گرتنی وێنە درێژخایەنترە، بە تایبەت ئەگەر توانای خۆڕاگرتنی نەخۆش، یان هاوکاری و تێگەیشتنی لە داواکارییەکانی پزیشک کێشەی هەبێت.
زیانەکانی تیشکی ئێکس (X-ray ):
بە گشتی قازانجەکانی تیشکی ئێکس زۆرتر و گرنگتر لە زیانە شیمانەییەکانی لێدانی تیشکن. لە ئاستی ڕێژەی تیشک لێدانی گونجاو بۆ وێنەگرتنی دەستنیشانکەردا، بەڵگەی زۆر کەم هەیە لە سەر زیانباربوونی بۆ سەر تەندروستی.
تیشکی بەکارهاتوو لە X-ray دا لە جۆری تیشکی یۆنیزەیە. توێژینەوە پزیشکییەکان لە سەڵماندنی کاریگەریی تیشکی یۆنیزە لە کاتی گرتنی وێنەی دەستنیشانکەری X-ray بۆ سەر نەخۆش، دەست بەتاڵە.
قازانجەکانی تیشکی ئێکس (X-ray ):
وێنەگرتنی X-ray بۆ دیاریکردنی نەخۆشی و برینەکانی وەک؛ سیەسۆ، سستی دڵ، شکاوییەکان، هەوکردنی ئێسک، ئارتریت (هەوکردنی جومگەکان)، ڕیخۆڵەگیران، سستبوونی سییەکان و .... بە کەڵکە. X-ray شێوازێکی خێرا و سانایە، بەم هۆیەوە لە پشکنین و چارەسەرە خێراکاندا بەکار دێت.
ئامرازەکانی X-ray لە نەخۆشخانەکان، نۆرینگە و کلینیکەکانی وێنەگرتن و هەموو ناوەندیکی تەندروستیدا هەیە و بەم هۆیەشەوە تەنانەت لە ناوچە دوورەدەستەکانیشدا باوە و کەڵکی لێ وەر دەگرن