ئێم ئاڕ ئای
ئێم ئاڕ ئای چییە و چ کارامەییەکی هەیە؟
وێنەگرتنی زرنگەی موگناتیسی (ئێم ئاڕ ئای)؛ تاقیکردنەوەیەکە کە لە، موگناتیسێکی بەهێز، شەپۆلی ڕادیۆیی و کۆمپیوتەرێک بۆ دیتنی وردەکارییەکانی جەستە کەڵک وەردەگرێت. پزیشک دەتوانێت بەم تاقیکاریە، جۆری چارەسەری پێویست دیاری بکات و بە پێچەوانەی تیشکی ئێکس و سی تی سکەن، ئێم ئاڕ ئای لە ئەشیعەی یۆنیزی نگەتیڤی تیشکی ئێکس کەڵک وەرناگرێت.
بۆچی ئێم ئاڕ ئای ئەنجام دەدەن؟
ئێم ئاڕ ئای یارمەتی پزیشک دەدات تا نەخۆشی یان خەسارێکی جەستەیی و شێواز و چۆنییەتی چارەسەری دیاری بکات. ئێم ئاڕ ئای بۆ بەشە جیاوازەکانی جەستە ئەنجام دەدرێت، بە تایبەت بۆ دیتنی پێکهاتە نەرمەکان و کۆئەندامی دەمار کارامەترە.
ئێم ئاڕ ئای مێشک و پەتەمازە، گرفتی موولوولەکانی خوێن، خەساری مێشک، شێرپەنجە، چەن سکلرۆزی (ئێم. ئێس)، خەساری پەتەمازە و جەڵتەی مێشک دیاری دەکات.
ئێم ئاڕ ئای دڵ و موولوولەکانی خوێن، داخرانی لوولەکانی خوێن، خەسارەکانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ، ئاریشەکانی دڵ و کێشەکانی پێکهاتەی دڵ دیاری دەکات.
ئێم ئاڕ ئای ئێسک و جومگەکان، هەوکردنی ئێسکەکان، شێرپەنجە، ئاریشەی جومگەیی، گرفتەکانی دیسکی بڕبڕە، مل و پشت ئێشە دەمارییەکان دیاری دەکات.
ڕاژەکانی ئێم ئاڕ ئای:
• ئێم ئاڕ ئای مێشک، چاڵ و دەماری چاو، دەماری بۆنکردن
• ئێم ئاڕ ئای گوێ بۆ چاندنی لوولپێچ
• ئێم ئاڕ ئای هەڵسەنگاندنی ESF FLOW
• ئێم ئاڕ ئای بە مادەی ڕەنگی Contrast medium))
• ئێم ئاڕ ئای بە بێهۆشی
• ئێم. ئاڕ. ئانژیۆگرافی ڕەگەکانی مێشک و مل، ئەندامانی سەرووی لەش، سی، زگ، حەوز و ئەندامانی خوارووی لەش
• ئێم. ئاڕ. ئێم مامۆگرافی و ئێم ئاڕ ئای لە شوێنگەلی AXILLARY
• ئێم ئاڕ ئای هاوجووت و کۆرپەلە
• ئێم ئاڕ ئای داینامیک لە هیپۆفیز و جەرگ
• ئێم. ئاڕ. ئانژیۆگرافی ڕەگەکانی گورچیلە
• ئێم ئاڕ ئای دڵ میدیاستن و جەرگ
• ئێم ئاڕ ئای دڵ و جەرگ بۆ هەڵسەنگاندنی LOAD ئاسن
• ئێم. ئاڕ. ئارترۆگرافی لە تەواوی جومگەکان
• ئێم ئاڕ ئای لە زگ و حەوز، پشکنینی کۆئەندامەکان MRCP
• ئێم ئاڕ ئای لە زگ و حەوز بە مەبەستی STAGING
• ئێم ئاڕ ڤسیتۆلۆگرافی و هەڵسەنگاندنی دومەڵەکانی حەوز
•ئێم ئاڕ ڤی جومگەکان و ئەندامەکان، ئێم ئاڕ ئای جومگەکانی ساکروایلیاک و TMJ، ئێم ئاڕ ئای ئەستوون و بڕبڕەکان بە جیاواز یان یەکپارچە
کارامەییەکانی ئێم ئاڕ ئای:
بۆ پشکنینی تەندروستیی ئەم ئەندامانە دەتوانرێت لە ئێم. ئاڕ. ئای کەڵک وەرگریت:
• مەمک (لە ژناندا)
• جەرگ
• گورچیلەکان
• هێلکەدان (لە ژناندا)
• پەنکریاس
• پرۆستات (لە پیاواندا)
شێوازێکی تایبەت لە ئێم. ئاڕ. ئای کە بە ناوی ئێم. ئاڕ. ئای کردەیی (ئیف. ئێم. ئاڕ. ئای) دەناسرێت، چالاکیی مێشک پیشان دەدات. ئەم تاقیکاریە چاو لە سووڕانی خوێن لە مێشکدا دەکات تاکوو بزانێت لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی تایبەت چە ناوچەیەک لە مێشکدا چالاک دەبێت.
ئیف. ئێم. ئاڕ. ئای دەتوانێت ئاریشەکانی مێشک وەک: کاریگەریی جەڵتەی مێشک و نەخشەهەڵگرتنی مێشک لە کاتی تووشبوون بە پەرکەم (فێ) دیاری بکات. پزیشکتان لە دانانی بەرنامەی چارەسەرکردندا لەم تاقیکاریە کەڵک وەردەگرێت.
پێش سکەنی ئێم ئاڕ ئای:
لە ڕۆژی گرتنی وێنەی ئێم ئاڕ ئای، ئێوە دەتوانن خواردن و خواردنەوە و بەکارهێنانی هەموو دەرمانێک بە شێوازی ئاسایی ئەنجام بدەن، مەگەر ئەوەی کە ڕاسپاردە و رێنوێنی دیکە کرابن. ڕەنگە هەندێ جار داواتان لێ بکرێت تا ٤ کاتژمێر پێش سکەن شتێک نەخۆن و هەندێ جاریش داواتان لی دەکرێت ڕێژەیەکی زۆر ئاو بخۆنەوە، ئەڵبەت ئەم مەرجانە پێوەندیی بە شوێنی سکەنی ئێوە هەیە.
کاتێک گەیشتنە نەخۆشخانە داواتان لێ دەکرێت، پرسیارنامەیەک سەبارەت بە پیشاندانی باری تەندروستی و پێشینەی پزیشکیتان پڕ بکەنەوە، ئەم پرسیارنامە کاربەدەستانی بەشی پزیشکی دڵنیا دەکاتەوە تا بە ئاسوودەیی سکەن ئەنجام بدەن. پاش پڕکردنەوەی پرسیارنامە لە ئێوە داوا دەکرێت تا بە مەبەستی ڕەزامەندی بۆ ئەنجامدانی سکەن واژۆی بکەن.
بەو هۆیەوە کە دەزگای سکەن گرتنی ئێم. ئاڕ. ئای گۆڕەپانێکی مۆگناتیسی بەهێز دروست دەکات، پێشنیار دەکرێت کەلوپەلە کانزاییەکانی بریتی لە: کاتژمێر، خشڵ و زێڕ و گەوهەرەکانی وەک؛ گوارە، ملوانکە، ئەڵقەی سەرگۆی مەمک و لووت، پرۆتێزە ددانییەکان (ددانی دەستکرد)، سەمعەک، كڵاوقژ (هەندێ لە کڵاوقژەکان مادەی کانزایان تێدایە)، لە جەستەتان دوور بخەنەوە. شتومەکە گرانبەهاکان لە سندووقی ئەمانەتدا بە پارێزراوی بۆتان ڕادەگیرێت.
پەیوەست بەوەی کە چ بەشێک لە جەستەی ئێوە سکەن دەبێت، داواتان لێ دەکرێت کە جلی نەخۆشخانە (گان) لەبەر کەن. ئەگەر پێویست نەبوو کە جلی نەخۆشخانە (گان) لە بەر کەن، دەبێت بێ جلی ژێر جلێکی بێ دگمە و زیپی ئاسنی و کانزایی و هەروەها قایش و قولاو لە بەر کەن.
مادەی ڕەنگی کۆنتراستی ئێم ئاڕ ئای:
هەندێ لە سکەنەکانی ئێم. ئاڕ. ئای پێویستیان بە وەشاندنی مادەی ڕەنگی کۆنتراستە تا پێکهاتە و بۆرییە خوێنییەکان بە ڕوونی و وردەکارییەوە دەر بکەون. هەندێ جار ڕەنگینەی کۆنتراست دەتوانێت دەرکەوتەی لاوەکی نەخوازراوی وەک؛ هەستی نەخۆشی، دیاردە پێستییەکان، سەر ئێشە و سەر گێژە ببێت، ئەم دەرکەوتە لاوەکییانە زۆربەیان سووکن و هێندە درێژە ناکێشن.
هەروەها، پێدەچێت کە ڕەنگینەی کۆنتراست ببێتە هۆی خەساری پێکهاتەیی و ئەندامی لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی گورچیلەدا. ئەگەر پێشینەی تووشبوون بە نەخۆشیی گورچیلەتان هەیە، ڕەنگە تاقیکردنەوەیەکی خوێن بە مەبەستی دیاریکردنی کارامەیی گورچیلەتان بۆ ئەنجام بدرێت تا دەرکەوێت دەتوانن سکەن ئەنجام بدەن یا نا. ئەگەر پێش وەشاندن، پێشینەی هەستیاری و هەر جۆرە کێشەیەکی مەیینی خوێنتان هەیە، دەبێت کاربەدەستان ئاگادار بکەنەوە.
ئێم ئاڕ ئای و بێهۆشی و ئارامکەرەوە :
سکەنی ئێم ئاڕ ئای، پشکنینێکی بێ ژانە، لەم ڕووەوە لە حاڵەتی ئاساییدا بێهۆشی و دەرمانی ژانبڕ پێویست نییە. ئەگەر ئێوە لە شوێنی تەنگەبەر بترسن، دەتوانن بەر لە سکەن دەرمانێکی ئارامکەرەوە لە پزیشک یان شێوەرمەندەکەتان داوا بکەن.
ئەگەر دەتانەوێت لە کاتی سکەندا ئارامکەرەوە بەکار بێنن، پێویستە لە هاوڕێیەک یان ئەندامێکی بنەماڵە داوا بکەن کە تا گەیشتن بە ماڵ هاوڕێیتان بکات، چوونکە تا ٢٤ کاتژمێر پاش بەکارهێنانی دەرمانی ژانبڕ و ئارامکەرەوە ناتوانن لێخوڕن.
ڕەنگە منداڵان و گەنجان پێش ئەنجامدانی سکەنی ئێم. ئاڕ. ئای، بێهۆشیی گشتی وەرگرن، بەو هۆیەوە کە بێجووڵەیی لە نێو دەزگای سکەندا زۆر گرنگە و منداڵان لە کاتی وشیاریدا، ناتوانن جەستەیان بێجووڵە ڕاگرن.
کاتی سکەنی ئێم ئاڕ ئای:
سکەنەری ئێم. ئاڕ. ئای لوولەکێکی کورتە کە هەر دوو سەری کراوەیە، ئێوە بە سەر قەڕەوێڵەیەکی گەڕۆکی ناوەوەی سکەنەرەکەدا ڕادەکشێن و پەیوەست بەوەی کە کام بەشی لەشتان سکەن دەبێت، لە قاچ یان سەرەوە بۆ ناوەوەی دەزگای ئێم ئاڕ ئای بەڕێ دەکرێن.
هەندێ جار لە سەر ئەو بەشەی لەش کە سکەن دەکرێت، وەک سەر یان سینگ، چێوەیەک کە هەستێنی تێدایە دادەنرێت تاکوو سیگناڵی ناردەکراوی لەشی ئێوە لە کاتی سکەندا چاکتر وەرگرێت و وێنەیەکی باشتر و گونجاوتر بە دەستەوە بدات.
کۆمپیۆتەرێک یارمەتیی وێنەگرتنی سکەنەری ئێم ئاڕ ئای دەدات کە بە مەبەستی پاراستن لە گۆڕەپانی موگناتیسی سکەنەرەکە، لە ژوورێکی جیاوازدا جێگیر کراوە و ڕادیۆگراف لەو ژوورەدا دەزگاکە کۆنتڕۆڵ دەکات. ئێوە دەتوانن هاوکات لە گەڵی ڕادیۆگرافدا قسە بکەن و ئەو، ئێوە لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکەیدا دەبینێت. هاوڕێیەک یان یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەتان دەتوانێت لە کاتی سکەن گرتندا لە تەنیشتی ئێووە بمێنێت، زۆر جار باوک و دایک لە گەڵ منداڵەکانیاندا دەمێننەوە.
هەر کەسێک لە گەڵ ئێوەدا لە ژووری سکەن بێت، پرسیاری لێ دەکەن کە شتومەکی کانزایی پێیە یان نا، چوونکە ئەوانیش دەبێت ڕێسای هاوشێوەی نەخۆش سەبارەت بە جلوبەرگ و نەبوونی شتوومەکی کانزایی ڕەچاو بکەن. بۆ پێشگری لە لێڵبوونی وێنەکان، گرنگە کە ئەو بەشەی جەستە وا سکەن دەکرێت بێجووڵە ڕابگیرێت.
پێدەچێت سکەنکردن لە نێوان چەند چرکە تا ٣ بۆ ٤ خولەک درێژە بکێشێت و ڕەنگە لە کاتی سکەنکردندا داواتان لێ بکرێت بۆ ماوەیەکی کورت هەناسەتان ڕاگرن. پەیوەست بە قەبارەی ئەو بەشەی کە سکەن دەکرێت و ژمارەی ئەو وێنانەی دەبێت بگیرێت، پرۆسەی سکەن بە گشتی نێوان ١٥ بۆ ٩٠ خەڵەک درێژەی دەبێت.
سکەنەری ئێم. ئاڕ. ئای لە کاتی وێنەگرتندا هەندێ دەنگی بەرکەوتنی بەرزی لێ دەبێتەوە، لە بەر ئەوەی کە تەزووی کارەبایی لە موەلیدی سکەنەردا هەڵدەکرێ و دەکوژێتەوە. ئێوە دەتوانن لە کاتی سکەندا ئامرازی پاراستنی گوێ و هێدفۆن بەکار بێنن و بە هێدفۆن گوێ لە مۆسیقا بگرن و تەنانەت مۆسیقای دلخوازی خۆتان گوێ بیست بن. کاتێک سکەن کۆتایی هات لە سکەنەر دەچنە دەرەوە.
پاش سکەنی ئێم ئاڕ ئای:
سکەن زۆرتر وەک شێوە پشکنینێکی خێرا و سەرپێیی ئەنجام دەدرێت، بەو مانایە کە پێویست ناکات شەو لە نەخۆشخانە بمێنیتەوە. پاش سکەن بێدرەنگ دەتوانیت لە چالاکییە ئاسایی و ڕۆژانەکانت بەردەوام بیت، بەڵام ئەگەر دەرمانی ئارامکەرەوەت بەکار هێناوە، پێویستە هاوڕێ یان ئەندامێکی بنەماڵەت تا گەیشتن بە ماڵ هاوڕێیت بکات و تا ٢٤ کاتژمێر لە گەڵتدا بمێنێتەوە.
ئێم ئار ئای ئێوە لە لایەن ڕادیۆلۆجێست (پسپۆڕی تیشک و سۆنەر کە شارەزایی شرۆڤەی وێنەکانی هەیە) تاوتوێ دەکرێت و ئەگەر پێویست بوو، لە گەڵ پسپۆڕانی دیکەدا ڕاوێژ دەکات. ئەمە بەو واتایەیە کە ئێوە دەستبەجێ و خێرا وەڵامی پشکنینەکە وەرناگرن و ڕادیۆلۆجیست ڕاپۆرتی بۆ پزیشک دەنێرێت و لە ڕیگای پزیشکی خۆتانەوە ئاکامەکەتان پێ رادەگەیێندرێت. بە شێوازی ئاسایی یەک بۆ دوو حەوتە درێژە دەبات تاکوو دەرەنجامی ئێم ئاڕ ئای بگاتە دەستتان، مەگەر ئەوەی کە نەخۆش دۆخی فریاکەوتنی خێرای هەبێت.
ئێم ئاڕ ئای لەباتی سی تی سکەن:
هەندێ جار ئەگەر سی تی سکەن، توانای دەرخستنی کۆی زانیاری و وردەکارییە پێویستەکانی نەبێت، پزیشک ئێم. ئاڕ. ئای پێشنیار دەکات. لە هەندێ شێرپەنجەی وەک؛ شێرپەنجەی ملی منداڵدان یا میزەڵدان، ئێم ئاڕ ئای لە سی تی سکەن چاکترە، لەبەر ئەوەی کە بە وردی گەشەی گرێ لە پێکهاتەکانی لەشدا دەردەخات، هەروەها بۆ پیشاندانی نیشانەکانی پاش چارەسەر بەسوودە.
ئەو وردەکارییە پەیوەندیدار و تێبینییە پزیشکییانەی کە پێش ئێم ئاڕ ئای دەبێت ڕەچاو بکرێن :
کانزا:
ڕەنگە هەندێ لە کانزاکان بکەونە ژێر کاریگەریی گۆڕەپانی موگناتیسیی سکەنەرەوە، لە ئەگەری هەبوونی هەر دەزگایەکی چاندراو یان ئیمپلەنت لە لەشدا، وەک؛ لێدەری دەسکردی دڵ، دەرزیلەی کانزایی و پەمپی پزیشکی بە پزیشکی خۆتان ڕابگەیێنن. ئەگەر لێدەری دەسکردی دڵتان هەیە، قەت ئێم. ئاڕ. ئای ئەنجام نەدەن.
سکپری:
کاریگەریی سکەنی ئێم. ئاڕ. ئای لەسەر کۆرپەلە دیاری نەکراوە، ئەگەر سکپڕن یان ئەگەری دووگیانیتان هەیە، بە پزیشک ڕای بگەیێنن.
ترس لە تەنگەبەری:
ئەگەر ئەم بابەتە بۆتان مەترسییە، بە پزیشکتان ڕای بگەیێنن. ڕەنگە فەزای تەنگەبەری سکەنەر هەندێ نەخۆش پەرۆش کات، پێدەچێت پزیشک لەم کاتەدا دەرمانێک بە ئێوە بدات تاکوو هێمنیتان پارێزراو بێت.
منداڵان: بۆ پاراستنی ئارامی لە کاتی سکەندا، بە زۆربەی منداڵان دەرمانی دژە دڵەڕاوکێ دەدرێت. ئەگەر سەبارەت بەم بابەتە پەرۆشیتان هەیە، پزیشک ئاگادار بکەنەوە.
زیانە لاوەکییەکانی ئێم ئاڕ ئای:
ماندوویەتیی پاش کۆتاییهاتنی پشکنینی ئێم. ئاڕ. ئای زۆر باوە. بێجگە لە هەستی شەکەتبوون، ئێم ئاڕ ئای چەندین کاریگەریی لاوەکی دیکەی هەیە کە لە درێژەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەدەین:
سەرئێشە:
زۆربەی نەخۆشەکان، پاش سکەن تووشی سەرئێشە دەبن. لە پشکنیندا، دەزگای ئێم ئاڕ ئای دەبێتە هۆی سەرئێشە و دەنگی بەرزی ڕەنگە بۆ نەخۆش ئازاردەر بێت.
سەرگیژە :
پێدەچێت سەرگێژەش پاش بەکارهێنانی ڕەنگینەی کۆنتراست ڕوو بدات. ڕەنگە ئەم هەستی گێژبونی سەرە دەستبەجێ یان چەند کاتژمێر پاش ئەنجامدانی ئێم ئاڕ ئای سەر هەڵبدات.
کێشەی هەناسەدان:
لە هەندێ نموونەی دەگمەندا، نەخۆشەکان تووشی کێشەی هەناسەدان دەبن، کە هۆکارەکەی بۆ تێکەڵبوونی ڕەنگینەی لە گەڵ خوێنی ڕەگەکان دەگەڕێتەوە. هەر وەها هەندێ جار ئاوسانی دەست و ڕوخساری بە دوادا دێت. ئەم کاردانەوە هەستۆکییە زۆر جیدییە و پیشان دەدات کە جەستە توانای بەرگەگرتنی مادەی کۆنتراستی نییە.
سوور داگەڕان:
سوورداگەڕانی جەستە وەڵامێکە بە کۆنتراست، لەبەر ئەوەی ڕەنگینە لە ڕیگای ڕەگەوە دەکرێتە لەشی نەخۆش و ئەمە یەکێک لە مەترسییە وردەکانی ئێم ئاڕ ئاییە، کە لەم شێوەدا بەشێکی تایبەت لە جەستە سوور دادەگەڕێت.
لیر (پەڵەی پێست):
جۆرێک لە پەڵەی پێست، کاردانەوەی ئالێرژیکی جەستەیە بە کۆنتراست. لیر کێشەیەکی پێستییە کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی خاڵی سوور بە سەر جەستەوە. ئەم جۆرە دیاردەیە بە هۆی لێدانی کۆنتراستە لە ڕیگای ڕەگەوە، کە ئاسەواری بە ڕوونی لەو بەشەی جەستەدا دەر دەکەوێت.
مەیینی خوێن:
لە تەنیشت سەرهەڵدانی دیاردە پێستییەکاندا، مەیینی خوین یەکێک لە دەرهاویشتە نەخوازراوەکانی ئێم ئاڕ ئاییە. لەم نموونەدا، رەنگە کۆنتراستی ئێم ئاڕ ئای، خوێنبەرەکان بورووژێنێت و ببێتە هۆی مەیینی خوێن.
فیبرۆزی کۆئەندامی گورچیلە، ئارەقەڕشتن و هەستی ماندوویی، بەشێکی دیکەن لە دەرکەوتەکانی ئێم ئاڕ ئای.
جۆرەکانی ئێم ئاڕ ئای:
ئێم ئاڕ ئای مێشک:
لە ئەم شێوازە بۆ دیاریکردنی دڕاوی و جێگۆڕکێی دیسکی نێوان مۆرەکانی بڕبڕەی پشت، خەسار و گرێکانی پەتەمازە، گرێکانی مێشک، خوێنبەربوون و بە تایبەت جەڵتەی مێشک کەڵک وەردەگرن.
هەروەها بێجگە لە پشکنینی مێشک و پەتەمازە و چاو، بۆ فەحسی گوێ و زۆربەی ئەندامانی دیکەی سەر و مل بەکار دەهێنرێت. لە ئێم ئاڕ ئایدا، لە بەشە جۆراوجۆرەکانی مێشک وێنەی بە تەواوەتی جیاواز دەگیردرێت و بە پێی دەرکەوتەی وێنەکان، دۆخی نەخۆشانی تووشبوو بە سەرئیشەی کتوپڕ و خێرا، لاوازی و دووبینی هەڵدەسەنگێندرێت.
ئێم ئاڕ ئای بڕبڕە:
باشترین شیوەیە بۆ چاودێریکردنی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و کێشەکانی بڕبڕەی پشت لە ئەو نەخۆشانەیدا کە نەشتەرگەریی بڕبڕەیان بۆ کراوە. هەروەها وەک ئاماژەمان پێ دا، بۆ پشکنینی دەرچوون یان ئاوسانی نائاسایی دیسک، تەنگبوون و ئازاری کەناڵی نێوان بڕبڕەکان بە کار دێت
ئێم ئاڕ ئای ئێسک و جومگەکان:
لەم شێوەیەدا دۆخی سەرجەم ئێسک و جومگەکان، پێکهاتە نەرمەکان بە تایبەت ئەو بەشانەی کە پەیوەستن بەوانەوە وەک؛ ڕەفیسکەکان، بەندۆکەکان، ماسوولکەکان و کڕکڕەکان پشکنینیان بۆ دەکریت.
ئێم ئاڕ ئای سکەکەلێن:
بۆ پشکنینی وردی، دۆخی ئەندامەکانی نێو سکە کەلێن (کەلێنی زگ) وەک: جەرگ، ڕژێنی سەرووی گورچیلە و پەنکریاس، کاتێک پزیشکان نەتوانن بە یارمەتیی سی تی سکەن و ئۆڵتراسون نەخۆشین دیاری بکەن، بەکار دەهێنرێت. سەرەکیترین کارامەیی ئێم ئاڕ ئای سکەکەلێن، هەڵسانگاندنی دۆخی هەناویەتی.
ئێم ئاڕ ئای تایبەتی کۆئەندامی سووڕانی خوین:
ئەم شێوازە بۆ پشکنینی دۆخی دڵ و خوێنبەرەکان، خوینبەرەکانی پەیوەست بە گەردن (کاروتید) و مێشک، خوێنبەرەکانی ناوچەی زگ بە تایبەت ڕەگەکانی پەیوەست بە گورچیلەکان بەکار دێت.
شێوازێکی دیکەی وێنەگرتن لە ئەندام و پێکهاتەکانی ناوەوەی لەش بە یارمەتی شەپۆلی موگناتیسی و شەپۆلی ڕادیۆیی هەیە کە بە سام. ئێم. ئاڕ. ئای ناو دەبرێت.