ناونیشان: پارکینگی شارەوانی – شەقامی حاج موحەممەدتەقی ئیسفەهانی- شەقامی شەهید مونتەزیری- بینای پزیشکانی ئاریا

ژمارەی پێوەندی: 88-77-٨٣٧٢٨١١٦٦(98+)
ئیمەیل: Info@imehr.net



سی تی سکەن چییە و چ قازانج و زیانێکی هەیە؟

سی تی سکەن یا تۆمۆگرافی کۆمپیوتەری (CT scan) Computed Tomography scan جۆریکە لە وێنەگرتن بە تیشکی ئێکس کە وێنەکانی وردەکاریی تەواو و جێی متمانە لە پارچەکانی ناوەوەی جەستە دەردەخەن. بە کەڵک وەرگرتن لە وێنەکانی سی تی سکەن دەتوانڕێت شانە نەرمەکان، ئەندامەکان و شانە ڕەقەکانی جەستە ببینرێت.
پاش تیشکی ئێکسی سادە، سی تی سکەن باشترین جۆری وێنەگرتنە بۆ پشکنینی خەسارەکانی کۆئەندامی جووڵەی جەستە بە تایبەت ئێسکەکانە. پشکنینی سی تی سکەن، پرۆسەیەکی و بێ ژان و برین (ناهێرشبەرانە)یە و کاتی زۆر ناخایەنێت.


سی تی سکەن چییە و چۆن کار دەکات؟

ئامێری سی تی سکەن، لە دۆناتێکی گەورە دەچێت کە بە شێوازی بازنەیی دەسووڕێتەوە و نەخۆش لە سەر قەرەوێڵەی ناوەڕاستی ئامێرەکەدا جێگیر دەکرێت. وێنەگرتنی سی تی سکەن لە ڕێگای تیشکی ئێکس‌ەوە ئەنجام دەدرێت. لەم پشکنینەدا تەسکەیەکی ناسک لە تیشکی ئێکس بۆ سەر شانەی مەبەست هەناردە دەکرێت. بڕێک لە تیشکەکە لە کاتی تێپەڕین بە ناو شانەی لەشدا ڕادەگیرێت و پاشماەوکەی لە دیوی دیکەی جەستەوە تێپەڕ دەبێت. تیشکی تێپەربوو لە جەستەوە، لە لایەن وێناکەرەکانی ئامێرەوە وەردەگیرێن. وێناکەرەکان تیشکی وەرگیراو دەکەنە تەزووی کارەبایی و بە مەبەستی تەتڵەکردنی زانیارییەکان ڕادەستی کۆمپیوتەری دەکەن. ئەم پرۆسە هەزاران جار لە گۆشە و لایەنی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت و هەزاران تەزووی کارەبایی بۆ سازدانی وێنەی سی تی سکەن ناردەی کۆمپیوتەری ئامێرەکە دەکەن.
کۆمپیوتەرەکە بە هێزێکی بەرزەوە کە هەیەتی، بارستاییەکی زۆر لە زانیارییە وەرگیراوەکان تەتڵە و وێنا دەکات و وێنەگەلێک لە ئاستی بڕگەیی ئەندام یا شانەی مەبەست دادەڕێژێت. وێنەکانی بڕگەی پانی وەک بڕشتێک لە نانی خڕ یا بڕشتی بڕگەیی کاڵباس، وێنەیەکی دوو ڕەهەندی لە ئەندامی مەبەست پیشان دەدەن.



بۆ ئەنجامدانی سی تی سکەن چ ئامادەکارییەک پێویستە؟

ڕەنگە سی تی سکەن لە نەخۆشخانە یان ناوەندی وێنەگرتندا ئەنجام بدرێت. بۆ ئەنجامدانی سی تی سکەن، سەرەتا لە نەخۆش داوا دەکرێت تا جلێکی ئاوەڵای لە بەردا بێت، یان ڕەنگە جلی تایبەت بە وێنەگرتنی (گان) پێ بدەن. هەروەها لە نەخۆش داوا دەکرێت کە پێش چوونە ژووری وێنەگرتن، کۆی شتومەکە کانزاییەکانی وەک؛ چاویلکە، خشڵ و گەوهەر، ددانی دەستکرد و هتد وەلاوە بنێت. تەکنیسییەن یارمەتیی نەخۆش دەدات تا لە سەر تەخت ڕابکێشێت و چۆنییەتی شوێنی جێگیربوونی نەخۆش ڕێک دەخات. دواتر لە نەخۆش داوا دەکرێت کە لە کاتی وێنەگرتندا جووڵەی نەبێت.


سی تی سکەن چۆن ئەنجام دەدرێت؟

لە کۆتاییدا تەکنیسییەن ژووری وێنەگرتن بە جێدەهێڵێت و دەڕواتە ژووری کۆنتڕۆل، تەکنیسییەن لە پەنجەرەی ژووری کۆنتڕۆڵەوە چاودێریی نەخۆشەکە دەکات و دەتوانێت کاتێ پێویست بوو لە گەڵیدا بدوێت. لە دەسپێکی پرۆسەی وێنەگرتندا تەختی نەخۆش بە هێوری هەناردەی ناوەوەی تونێلی ئامێری سی تی سکەن دەکرێت و تیشک هاویشتن دەست پێدەکات. لە پرۆسەی وێنەگرتندا، بازنەکانی تیشکی ئێکس بە دەوری جەستەی نەخۆشدا دەخولێنەوە و دەنگێکیان لێ دەبیسترێت کە بەتەواوی سروشتییە و جێگای هیچ پەرۆشییەک نییە.
بۆ ئەنجامدانی سی تی سکەن پارێزی خواردن پێویست نییە، بەڵام هەندێ جار ڕەنگە بە پێی داواکاریی پزیشک، وێنەگرتن بە وەشاندنی مادەی ڕەنگی (کۆنتراست) ئەنجام بدرێت. لە سی تی سکەن بە مادەی ڕەنگیدا، وا باشترە نەخۆش، چەند کاتژمێر پێش وەشاندنی مادە، پارێزی خواردن و خواردنەوە بکات. لە ئەگەری هەستیاری بە هەر دەرمانێک پزیشکەکەتان ئاگادار بکەنەوە. ئەم بابەتە، بە تایبەت کاتی وەشاندنی مادەی ڕەنگی، کە زۆربەیان توخمی سەرەکییان یۆدە، گرنگی زێدەتری هەیە. لە ئەگەری هەستۆکیی نەخۆش و هەبونی پێشینەی هەستیاری بە مادەی هەڵگری یۆد، بە تەواوی پێویستە پزێشک ئاگادار بکاتەوە.
هەر جۆرە جووڵەیەک لە درێژەی سی تی سکەن‌دا لە سەر کوالیتیی وێنەکە کاریگەریی دەبێت. هەندی کات پزیشک لە نەخۆش داوا دەکات کە هەناسەی بۆ چەند خوڵەک ڕاگرێت تا پێش لە لێڵ و ناڕون دەرچوونی وێنەکە بگرێت. درێژەی پشکنینی سی تی سکەن لە نێوان چەند خولەک بۆ نیوکاتژمێر جیاوازە. مەودای کات‌خایاندنی سی تی سکەن پەیوەستە بەوەی کە چ ئەندامێک وێنەی لێ دەگیرێت. لە زۆرترین نموونەکاندا نەخۆش هەمان ڕۆژی پشکنین دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی.


سی تی سکەن لە دیاریکردنی چ نەخۆشینانێکدا کارامەیی هەیە؟

سی تی سکەن دەتوانێت ئێسکەکان، شانە نەرمەکان و دەمارەکان بە باشی دەر بخات و تەنانەت توانای پیشاندانی پێکهاتەکانی ناوەشیانی هەیە. جێی ئاماژەیە کە کوالیتی وێنەکانی ئێم ئاڕ ئای لە پیشاندانی پێکهاتە نەرمەکانی جەستە وەک؛ ڕەفیسکە، بەندۆک، دەمار و کڕکڕە لە سی تی سکەن باشترە. وێنەکانی سی تی سکەن لە پیشاندانی پێکهاتە ڕەقەکانی لەش وەک ئێسکەکان وردتر و باشترە.


سی تی سکەن بۆ پشکنین و دیاریکردنی نەخۆشییەکانی خوارەوە بەکەڵکە:

• دیاریکردنی شێرپەنجە
• پشکنینی نەخۆشینەکانی سی
• دیاریکردنی کێشەکانی دڵ
• دیاریکردنی سییەئاوسان (ئامفیزم) و گرێکانی جەرگ
• دیاریکردنی نەخۆشییە زگماکییەکانی وەک گەورەیی یا بچووکی کاسەی سەر
• دەستنیشانکردنی شوێنی گرێیەکان، خوێنە مەییوەکان، شلەمەنییە ناپێویستەکان و هەوکردنەکان
• یارمەتیدانی پرۆسەکانی پشکنین و چارەسەر، وەک؛ بایۆپسی (هەڵگرتنی نموونەی شانەکن)، نەشتەرگەری و ڕادیۆتراپی
• دەستنیشانکردنی بەرکەوتن و خەسارەکانی ئێسک و جومگەکان، وەک تێکشکانە قورس و ئاڵۆزەکانی ئێسکەکانی جەستە
• هەڵسەنگاندنی چارەسەر لە ڕیگای بەراوردی وێنەکانی سی تی سکەن پێش و پاش پرۆسەی چارەسەر وەرگرتن
• تاوتوێکردنی نەخۆشینە هەناوییەکان و خوێنبەربوون، وەک؛ زیان و بەرکەوتنی پێکدادانەکان


سی تی سکەن بە مادەی ڕەنگی یا کۆنتراست چییە و چۆن ئەنجام دەدرێت؟

لە سی تی سکەن‌دا، ئێکسەکان بە هۆی چڕیی زۆریان بە ڕوونی دەردەکەون، بەڵام ڕەنگە شانە نەرمەکانی جەستە بە ڕوونی نەبینرێن، بەو هۆیەوە پێویستیان بە تێکردنی مادەی ڕەنگی (کۆنتراست)ە بۆ دەرکەوتنی باش لە وێنەکاندا. مادەی ڕەنگی بەر بە ئاراستەی تیشکی ئێکس‌ دەگرێت و لە سکەندا سپی دەنوێنێت، کە لە دەرەنجامدا لوولەکانی خوێن، ئەندامە و پارچەکانی لەش بە هەڵکەوتەیی دەر دەخات.


مادەکانی کۆنتراست زۆرتر لە یۆد یان باریۆم سۆلفات دروست دەبن و لە ڕێگای جیاوازەوە ڕەوانەی جەستە دەکرێن:

دەرزی لێدان:

مادەکە لە ڕێگای لێدانی راستەوخۆ دەکڕێتە نێو ڕەگەکان. ئەم کارە بۆ یارمەتدانی دەستخستنی وێنەی ڕوون و دیارە لە ڕەگەکانی خوێن، کۆئەندامی میز، جەرگ و کیسەی زراو. بۆ تێکردنی مادەی ڕەنگی (کۆنتراست) لە ڕەگەوە، پێش ئەوەی وێنەگرتن دەست پێ بکات، دەرزییەک لە نێو ڕەگی نەخۆش جێگیر دەکەن کە سرنجێکی لە سەرە. سرنجەکە، کە هەڵگری مادەی رەنگی (کۆنتراست)ە، لە لایەن کۆمپیوتەرەوە کۆنتڕۆڵ دەبێت. کاتێک نەخۆش ڕەوانەی نێو بازنەی سی تی سکەن کرا، ئەم سرنجە چالاک دەبێت و مادەکە تێکەڵ بە خوێنی نەخۆشەکە دەکات.
لە کاتی لێدانیدا، ڕەنگە نەخۆش لە نێو دەمیدا هەست بە تامی کانزاکان بکات یا هەست بە نیازی میزکردن بکات. ئەم حاڵەتانە ئەوپەڕی، تەنیا چەند خولەک درێژەیان دەبێت و دواتر نامێنن. پاش ئەنجامی سی تی سکەن، نەخۆش دەبێت ڕێژەیەکی زۆر خواردنەوە و تراو بخوات، تاکوو مادەی ڕەنگی (کۆنتراست) لە ڕیگای گورچیلەکانەوە لە جەستە دەربچێت.


بەکار‌هێنانی خۆراک:

خواردنەوەی تراوەکان لە گەڵ مادەی ڕەنگی (کۆنتراست)دا، دەتوانێت سکەنی کۆئەندامی هەرس و ڕێڕەوی قوورتدانی خۆراک لە جەستەدا چاکتر بکات.


حوقنە (enema)

لە سکەنی ڕیخۆڵەدا، مادەی ڕەنگی (کۆنتراست) لە ڕێگای کۆمەوە ڕەوانەی نێو لەش دەکرێت.



کاریگەرییەکانی سی تی سکەن بە مادی ڕەنگی چییە؟

هەندێ کەس بەم ماددانە هەستیارن. لە زۆربەی کاتدا کاردانەوەکان لاوازن و تەنیا دەتوانن ببنە هۆی ئاڵووش و زیپکەی سەر پێست. لە نموونەی زۆر ناوازەدا، ڕەنگی نێو ئەم مادە ئەگەری خولقاندنی کاردانەوەیەکی مەترسیدار بۆ ژیانی هەیە. بەم بۆنەوە، پزیشک یان تەکنۆلۆژیست ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورتی پاش سی تی سکەن، چاودێریی نەخۆش بکەن.
ئەو نەخۆشانەی کە شەکرەیان هەیە و دەرمانی میتفۆرمین بەکار دێنن، پێویستە پزیشکەکەیان لەم بابەتە ئاگادار بکەنەوە، چوون هەندێ جار پێویستە خواردنی دەرمان، پێش یان پاش سی تی سکەن ڕابگیرێت.
هەرچەند ئەم ئەگەر زۆر لاوازە، بەڵام پێدەچێت مادەی ڕەنگی (کۆنتراست) ببێتە هۆی کێشە لە گورچیلەکاندا. ئەگەر نەخۆش لە بواری گورچیلەدا کێشەیەکی هەیە و پێشتر تووشی نەخۆشیی گورچیلە هاتووە، دەبێت پزیشکەکەی لەم بابەتە ئاگادار بکاتەوە.


ئایا سی تی سکەن مەترسیدارە؟

لە وێنەگرتنی سی تی سکەن‌دا لە تیشکی ئێکس کەڵک وەردەگیردرێت، کە جۆریک تیشکی یۆنیزانە. توێژینەوەکان دەریان خستووە کە تیشکەکانی یۆنیزان ڕەنگە بۆ DNAی نەخۆشەکان زیانبار بێت و لە هەندێ نمونەدا ببێتە هۆی شێرپەنجە. ئەگەری ئەم مەترسییە زۆر لە خوارەوەیە و ڕێژەکەی نزیکەی ١ لە ٢٠٠٠دایە، بەڵام دەبێت ئاگادار بیت کە کاریگەریی تیشکەکان بۆ هەمیشە لە سەر ژیانی نەخۆش دەمێنێتەوە. بەم پێیە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە بە هەر جار گرتنی سی تی سکەن دەچێتە سەرەوە.
لێدانی تیشکی یۆنیزان بۆ منداڵان زۆر مەترسیدارە چوون منداڵان لە تەمەنی گەورەبووندان و ڕەنگە ساڵانێکی زیاتری تەمەنیان بکەونە بەر لێدانی تیشکی ئێکس و لێدانی یۆنیزان. بە هۆی وەرگرتنی تیشک لە لایەن جەستەوە، سی تی سکەن بۆ ژنانی دووگیان رێگە پێدراو نییە و نەخۆش دەبێت پزیشکی لە دۆخی دووگیانبووبی ئاگادار بکاتەوە.
کۆی ماڤەکانی ئەم ماڵپەڕە بۆ ناوەندی وێنەگرتن و ئینتەرڤێنشینی مهر پارێزراوە