پشکنینی چڕی ئێسک:
پشکنینی چڕی ئێسک (بە ئینگلیزی: Bone Mineral Densitometry) یا بە کورتی BMD، شێوازێکی باوە بۆ پشکنین و پێوانی ڕێژەی چڕیی ئێسکەکانی جەستە. لەم شێویەدا کە بڕی کێشی مادە کانزاییەکان لە یەک سانتیمەتری سێجادا دەپێورێت، پێوەرێکی ڕێژەیی لە مادە کانزاییەکانی ئێسک دیاری دەکرێت بەڵام چڕیی تەواوی ئێسک دەر ناکەوێت. کارامەیی دیاریکراوی ئەم پشکنینە بۆ پێوانی ناڕاستەوخۆی بڕی پووکی ئێسکی نەخۆشە.
پووکی ئێسک:
پووکی ئێسک هۆکاری سەرەکیی شکانی جومگەی ڕان و حەوزە لە ژنانی سەرووی ٦٥ ساڵدا. مردن و دیکەی دەرهاویشتە زیانبارەکانی ئەم شکانانە و تێچووی چارەسەرکردنیان، لە ڕێزی کێشەی سەرەکی وڵاتاندایە. دیاریکردنی بەوەخت و پێشگری لە پەرەسەندنی، مەبەستی گرنگی پزیشکیی بەساڵاچووانە.
بوارەکانی بەکارهێنان:
ئەگەرچی ڕێژەی تیشکی ئێکسی بەکارهاتوو لەم شیوازەدا زۆر کەمە، بەڵام پشکنینی چڕی ئێسک بۆ کەسانی تەندروست و لەشساغ پێشنیار ناکرێت. کەسانێک کە هۆکارە مەترسیدارەکانی (Risk Factor) پووکی ئێسک و شکانیان بەو هۆیەوە هەیە، بۆ ئەنجامدانی ئەم تاقیکاریە شیاون. ئەم کەسانە بریتین لە:
• ژنانی سەرووی ٦٥ ساڵ و پیاوانی سەرووی ٧٠ ساڵ
• کەسانێک کە بە هەر هۆیەک دەرمانی کورتیکۆستیرۆیدی بەکار دێنن.
• کەسانیک کە بڕبڕەی پشتیان ناسروشتییە.
• کەسانێک کە دەرمانی پووک کەرەوەی ئێسک بەکار دێنن.
• نەخۆشانی تووشبوو بە چالاکی ڕژێنی پاراتیرۆییدی سەرەکی.
• کەسانی سەرووی ٥٠ ساڵ تەمەن، لە دۆخەکانی خوارەوەدا:
• ئەگەر پێشتر تووشی شکانی ئێسک بووبن.
• هەبوونی نەخۆشیی ئارتریت رۆماتۆیید
• باوک و دایکیان شکانی جومگەکانی ڕانیان بووبێت
• کەسانی زۆر ڕەقەندام و لاواز
شێوازی بەڕێوەچوون:
هەرچەند شێوەی جیاواز بۆ پشکنینی چڕی ئێسک هەیە، بەڵام شێوەی هەرە باو لە ئەمڕۆدا، شێوەی ناهێرشبەرانە و ساکار و بێئازاری Dual-energy X-ray absorptiometry یا DEXAیە، کە لەم شێوازەدا بەشی بڕبڕەی پشت و حەوز پشکنینان بۆ ئەنجام دەدرێت و بە پێوەرە ستانداردەکان هەڵ دەسەنگێندرێن و لە گەڵ نموونە سروشتی و تەندروستەکاندا بەراوردیان دەکەن.
پێوەرەکان:
بە گشتی سێ فاکتەر هەڵدەسەنگێندرێت و بە ستانداردێکی دیار ڕاپۆرتی لە سەر دەدرێت:
• ڕێژەی چڕی بە پێی gr/cm³
• پێوەری T یا T-score کە بڕی لادانی پێوانەیی سەر و خوارەوەی ناوەندی ژمێرەیی نەخۆش بەراورد بە کەسێکی ساق و تەندروستی تەمەن ٣٠ ساڵانی هەمان ڕەگەزە.
• پێوەری Z یا Z-score کە بڕی لادانی پێوانەیی سەر و خوارەوەی ناوەندی ژمێرەیی بۆ خودی نەخۆش بە پێی تەمەن و ڕەگەزیەتی.
بە پێی ڕیساکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕێژەی Tی زیاتر لە 1- حاڵەتی سروشتی ئەژمار دەکرێت و نێوان 1- و 2.5- هۆی ستئۆپینی(دابەزینی چڕی ئێسک) و کەمتر لە 2.5- هۆی پووکی ئێسکە (لەم حاڵەتەدا چڕیی ئێسک بەرامبەرە بە 2.5 لادانی پێوانەیی لە خوارەوەی ناوەندی ژمێرەیی گەنجێکی ٣٠ ساڵەی ژن یان پیاودایە)
بەربەستەکانی بەکارهێنان:
کۆمەڵیک دیاردە دەتوانن لە سەر ئاکامی پشکنینەکە کاریگەر بن وەک: قەڵەوی، لاوازی، هەبوونی شکاویی پێشووتر لە بڕبڕە و مۆرەکان و هەروەها نەبوونی پێوانەیەکی ستاندارد بۆ تەمەن خوارەکان.